له‌ هەردوو پارێزگای نەجەف و بابل خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دەستیپێكرد

ئاڵۆزییەكان لە باشووری عێراق تا دێت زیاتر پەرە ده‌سه‌نێت و له‌هەردوو پارێزگای نەجەف و بابل خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دەستی پێ كرد.

به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی دۆخەكە زۆر خراپه‌ و تادێت خۆپێشاندان به‌رفراوانتر ده‌بێت، گوتیشیان خۆپێشانده‌رانی هه‌ردوو پارێزگا داوای سێ ڕۆژ ماته‌مینی ده‌كه‌ن بۆ گیانی شه‌هیدانی ناسڕییه‌  كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كوژران، هه‌روه‌ها داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ردوو پارێزگاری بابل و نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان هێزەکانی پۆلیس باڵەخانەی پارێزگای بابلیان لە باشووری عێراق داخست دوای ئەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گەمارۆ درا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حەسەن مەندیل پارێزگاریان كرد.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ڕاشیانگه‌یاند لە پارێزگای واست به‌هه‌مان شێوه‌ خۆپێشاندان ده‌ستی پێكرد و خۆپێشاندەران بە شەقامەكانی شاری كوت بڵاوبوونەتەوە، بەپێی سەرچاوەكانی ئه‌منی، خۆپێشاندەرانی نەجەف شەقام و رێگاكانیان داخستووە و هێزە ئه‌منییه‌كان هەوڵی بڵاوەپێكردنیان دەدەن، كاتێك خۆپێشاندەران لە شەقامەكانی مەدینە و ئەبو سخێر رێگاكانیان داخست، لەبەرامبەردا هێزە تەناهییەكان تەقەیان بۆ ئاسمان كردووە بۆ بڵاوەپێكردنیان.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ له‌ زیقار ناڕەزایەتییەكان لەسەر پردی نەسڕ بەئاراستەی تەلاری ئەنجوومەنی پارێزگای زیقاڕ بەردەوام بوو و هێزە ئه‌منییه‌كان گولەی راستەقینەیان بەكارهێناوە، ئەوەیش دوای ئەوەی دوێنێ ڕۆژێكی خوێناوی بوو بۆ ئەو شارە و شەش كەس كوژران و زیاتر لە سه‌د و نه‌وه‌د كه‌سیش برینداربوون.

لە شەشەم ڕۆژی خۆپێشاندانەكان كە تا ئێستا نۆ كوژراو و دەیان برینداری لێ كەوتووەتەوە، ناڕەزایەتی پاڵپشتیی بۆ خۆپێشاندەرانی ناسڕییە لە كەربەلا و بابل و واست و دیوانییەیش سەری هەڵداوە، جێی ئاماژه‌یه‌ خۆپیشاندانەکانی پارێزگای بابل دوای خۆپیشاندانەکانی پێنج ڕۆژی پارێزگای زیقار دێت کە بەهۆیەوە نازم وائیلی پارێزگاری زیقار ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.