په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوون بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و پێوەری زیرەک ده‌كات

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان د. هێمن هەورامی سەردانی وەزارەتی کارەبا دەکات.

له‌درێژەی سه‌ردانە مەیدانییەکانیان بۆ وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکان لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا بۆ چاودێڕی و بەدواداچوونەکانیان، پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ یەکشەممە ٢٨/٢/٢٠٢١ ، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان،  کە سەرۆک و جێگرو بڕیاردەرو ئه‌ندام و راوێژکاری لیژنه‌ی پیشەسازی و بازرگانی و سامانە سروشتییەکان له‌په‌رله‌مانى كوردستان یاوه‌رییان ده‌كرد، سەردانی وەزارەتی کارەبای حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانى کرد و لەلایەن کەمال محمد صالح وەزیری کارەبا و بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکاران پێشوازی لێکرا.

د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ناوی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ سوپاسى وه‌زیرو ستافی وەزارەتی کرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگیەی كه‌ لە نێوان لیژنه‌ی پیشەسازی و بازرگانی و سامانە سروشتییەکان  و وەزارەتی کارەبا دا هەیە، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ى روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ چاودێریكردن و به‌دواداچوونه‌ بۆ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رچوون، به‌تایبه‌تی یاسای چاكسازی و هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ کە له‌ئێستادا له‌چ قۆناغێكدایه‌ له‌سنووری وه‌زاره‌ته‌كه‌دا وه‌ك له‌‌كارنامه‌ی حكومه‌تدا هاتووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌سێكته‌ره‌كانی وه‌زاره‌تی کارەبا، هاوکات باسی لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و پێوەری زیرەک و رێگری لە سەرپێچییەکان و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی وەزارەت کرد.

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماده‌یى په‌رله‌مانی بۆ به‌ره‌وپیشچوونی كاره‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ڕووی ده‌ركردنی یاسا و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانى په‌یوه‌ست به‌كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ربڕی، به‌سوودوه‌رگرتن له‌ڕاو سه‌ر‌نج و پێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌ت و خه‌ڵكی پسپۆرو شاره‌زا له‌بواره‌كه‌دا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان.

پاشان کەمال محمد صالح وەزیری كارەبا وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان سەردانەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و شاندی یاوەری بەرز هەڵسەنگاند و ئامادەیی وەزارەتەکەی نیشاندا بۆ خستنەڕووی تەواوی داتاو زانیارییەكانی وەزارەت،  بۆ ئەم مەبەستەش بەووردی و بەشێوەیەكی شەفاف و روون باسی لە چاكسازیی و ئەو كار و پرۆژانە  كرد كە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزارەت بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی دایناوە و ئەنجامی داوە.

دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پیشەسازی و بازرگانی و سامانە سروشتییەکان چه‌ندین سه‌ر‌نج و تێبینی و پێشنیاز سه‌باره‌ت بە پێشخستنی زیاتری کەرتی کارەبا خرایه‌ڕوو، و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیر و ستافى وه‌زاره‌ت كرد و ئه‌وانیش روونكردنەوەیان بۆ سه‌رجه‌م تێبێنی و پرسیاره‌كان خستەروو‌.

لەکۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر هەماهەنگیی زیاتری نێوانیان كرده‌وه‌ بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبا  لەهەرێمی کوردستاندا.