ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا ده‌بێته‌ میوانی ئۆساسۆنا


له‌ هه‌فته‌ی بیست وشه‌شه‌می خولی یانه‌كانی ئیسپانیا، كاتژمێر یازده‌ی ئه‌م شه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ئۆساسۆنا.
 ئه‌م یارییه‌ سێ ڕۆژ دوای ڕیمۆنتادای بارسا له‌به‌رامبه‌ر سیڤیلیه‌و گه‌یشتنی بۆ یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا دێت، هه‌ریه‌ك له‌ ڕۆناڵد ئه‌راوخۆ و جیرارد پیكێ و سێرجی ڕۆبێرتۆ و فیلیپ كۆتینیۆ و ئانسۆ فاتی به‌هۆی پێكان له‌ ڕیزی یانه‌ كاتالۆنیه‌كه‌ دابڕاون و به‌شداری له‌ یاری ئه‌م شه‌و ناكه‌ن.
هاوكات میرالێم پیانیچی بۆسنی پێكانی چاك بۆته‌وه‌و بۆ یاریكردن ئاماده‌یه، بارسێلۆنا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی په‌نجاوسێ خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی لالیگا دایه‌و ئۆساسۆناش به‌ بیستوهه‌شت خاڵ له‌ پله‌ی دوازده‌می ڕیزبه‌ند دێت.
ڕۆناڵد كۆمانی هۆڵه‌ندی و ڕاهێنه‌ری بارسا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند،‌ ئه‌م یاریه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی زۆر گرنگه‌و ده‌بێت ئه‌نجامێكی باش تۆماربكه‌ن و سێ خاڵی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ مسۆگه‌ربكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ دێربی مه‌درید له‌نێوان هه‌ردوو ڕكابه‌ره‌كه‌یان ڕیال مه‌دریدی سێیه‌می ڕیزبه‌ندو ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی پێشه‌نگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یه‌كێك له‌م دووانه‌ یان هه‌ردوو تیپ خاڵ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
 كۆمان گوتیشی، له‌ یاری ئه‌م شه‌و ڕووبه‌ڕووی ڕكابه‌رێكی به‌هێز ده‌بینه‌وه، ئێستاش له‌ دوای ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید داین، هێشتا خولی ئیسپانیا زۆری ماوه‌و له‌م كاته‌دا نابێت بكه‌وینه‌ هه‌ڵه‌ی یاریه‌كانی پێشوومان و له‌مه‌ودوا ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاڵ له‌ده‌ست بده‌ین .