سبه‌ی پاپای ڤاتیكان ده‌گاته‌ هه‌ولێر

سبه‌ی پاپای ڤاتیكان سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بیته‌وه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، بڕیارە سبه‌ی یەکشەممە قه‌داسه‌تی پاپا فرانسیس لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بگاتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە مەراسیمێکی شایستەدا لە لایەن به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان و پیاوانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێ بکرێت، سه‌رجه‌م ئامادەکارییەکانیش بۆ هاتنی پاپای ڤاتیكان تەواو بووە.

چالاكوانان ده‌ڵێن ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ وایكردووه‌ پاپا فرانسیس له‌گه‌ڵ ده‌ هه‌زار كه‌س نوێژی له‌ هه‌ولێر بكات.

ئایدن مه‌عروف وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان ده‌ڵێت هاتنی پاپا فرانسیس له‌وكاته‌دا بۆ هه‌رێمی كوردستان پشتیوانیكردنه‌ له‌ پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.

شایه‌نی باسه‌ سه‌ردانی قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا بایه‌خێكی زۆری هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هێمای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و ئایین و ئایینزاكان ناسراوه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ئێستا و رابردوودا باوه‌شی كردۆته‌وه‌ بۆ ئاواره‌ كریستییانه‌كان و هاوتا له‌گه‌ڵ كوردستانیاندا ژیانێكی پڕ له‌ ئارامی و ئاسایش به‌ڕێ ده‌كه‌ن.

پاپا فرانسیس، دوێنێ هه‌ینی له‌ سه‌ردانێكی مێژووییدا بۆ عێراق، گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.