یه‌كه‌م ڕۆمانی كوردی بە ناوی ( پژمین ) له‌سه‌ر كۆڕۆنا بڵاوكرایه‌وه‌

یه‌كه‌م ڕۆمانی كوردی له‌سه‌ر كه‌ره‌نتینه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌دووتوێی 332 لاپه‌ڕه‌ چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانی پژمین، په‌تای كۆرۆنایه‌ و بیرۆكه‌ی نووسینیشی بۆ سه‌روه‌ختی كه‌ره‌نتینه‌ له‌ مانگی سێی ساڵی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ هۆكاری كه‌ره‌نتینه‌ و هه‌ندێ بابه‌تی دیكه‌ كه‌ رێگربوون له‌ به‌ چاپگه‌یاندنی، چاپكردنی پژمین بۆ ئه‌مساڵ 2021 دواكه‌وت، بۆیه‌ ده‌توانین بڵیین پژمین یه‌كه‌مین رۆمانی كوردییه‌ كه‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی په‌تای كۆرۆنا بێت، چونكه‌ ئه‌وكات دۆخێكی ترسناك بوو، هه‌مووان به‌ چڕی له‌ په‌تاكه‌ ده‌ترسان و ژیانی ئاسایی خه‌ڵكیش گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی به‌سه‌ردا هاتبوو، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌روونی له‌سه‌ر خه‌ڵكی به‌ گشتی دروستكرد و بۆشاییه‌كی فراوانیش كه‌وته‌ نێوان مرۆڤه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ پژمیندا به‌ دیقه‌ت و وردییه‌وه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ ئیشی له‌سه‌ر كراوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ستۆری بۆ دروستكراوه‌.

گووتیشی: پژمین، به‌رهه‌می ئه‌و كاریگه‌رییه‌ ده‌روونییه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكات دووچاری مرۆڤی كورد و جیهانیش بووه‌وه‌، به‌ به‌ڵام تێكه‌ڵكردنی چه‌ندین ته‌وه‌ری دیكه‌ یاخود ستۆری دیكه‌ی وه‌ك عیشق و خۆشه‌ویستی و جه‌نگ و ململانێ و هه‌روه‌ها گفتوگۆی ئایینی و غه‌یره‌ ئایینی له‌سه‌ر په‌تاكه‌، له‌گه‌ڵ نۆستالیجیا و حه‌زی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێد و چه‌ندین ته‌وه‌ری دیكه‌ش كه‌ هه‌موویان به‌ یه‌كه‌وه‌ پژمین پێكده‌هێنن.

نووسه‌ری په‌رتووكه‌كه‌ حه‌ز ناكات هه‌موو شتێك له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ ئاشكرا بكات، به‌مجۆره‌ ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ران جێده‌هێڵم  و سه‌رپشكیان ده‌كه‌م چۆنچۆنی كۆده‌كانی رۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌یان بۆی چی و چۆن ده‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر رۆمانه‌ و جۆرێك تایبه‌تمه‌ندی و روئیای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌ڵێن، دۆخی سه‌ره‌كی پژمین، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ وێنه‌ی مانگی سێی ساڵی رابردووی چركاند بێت، ئه‌ویش به‌ تێكه‌ڵكردنی خه‌یاڵ و چیرۆكگه‌لێكی هونه‌ری، نه‌ك ته‌نیا ئاماره‌كانی گواستبێته‌وه‌.

ڕۆمانی پژمین شه‌شه‌م به‌رهه‌می شاخه‌وان برایمه‌ و له‌دوو توێی 332 له‌په‌ڕه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چاپكراوه‌ و ماڵی وه‌فایی چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه‌ و ئێستا له‌ كتێبخانه‌ی كوردی و په‌رتوكخانه‌كاندا به‌رده‌سته‌.

به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر:

1-سێبه‌ره‌كانی جه‌نگ، چیڕۆك، 2012

2-ئیسلامی سیاسی له‌ گوتاری توندڕه‌وییه‌وه‌ بۆ خه‌ونی خه‌لافه‌ت-2017

3-كورد له‌ ئۆكتۆبه‌ری ڕه‌شدا 2018

4-ئیسلامی سیاسی فریودان و تیرۆریزم 2018

5-ئیناس و پیاوه‌كانی خه‌لیفه‌، ڕۆمان-2019

6-پژمین، ڕۆمان-2021

ئا/ كه‌ریم سمكۆ