هاوپەیمانان: یارمه‌تیه‌كانمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

لەمیانی کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە و راوێژکاری سەنتەری هەمەئاهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی هاوپەیمانانەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاکرایەوە کە کێشەو لەمپەرەکانی بەردەم پێویستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە چارەسەرکراوەو پێویستیە دارایی و لۆجیستیەکانی ئەو هێزەش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ ٣٠ی ئازاری ٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، ئەمینداری گشتی و سەرۆکی هەیئەی ئەرکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت لەگەڵ کۆڵۆنێل دەیڤد ولیام، راوێژکاری  سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێم و تیمی یاوەری کۆبۆوە.

ڕاویژکاری سەنتەری هەمەئاهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگەی دڵنیا کردەوە کە هاوکاری و یارمەتیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت و کێشەو لەمپەرەکانی بەردەم ئەو پرسە چارەسەرکراوە.

وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵی بێوچانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد لە پاڵپشتی و هاوکاریەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەو وتیشی:  بەردەوامی پاڵپشتیە سەربازییەکانی هاوپەیمانان هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات بە هێزێکی پێشکەوتووی ئەکادیمی و سەربازی سەردەمیانە.