چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكانی عه‌سایب ئه‌هلی حه‌ق رووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ مووسڵ رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ نێوان چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكانی عه‌سایب ئه‌هلی حه‌ق، پێكدادان دروست بوو و ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كداره‌كان و خه‌ڵكی سڤیل بریندارن.

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 7ی نیسان ماڵپه‌ری شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌، له‌و شه‌ڕه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو لا‌یه‌ندا روویداوه‌، سێ كه‌س له‌ چه‌كدارانی  حه‌شد و عه‌سایب بریندارن و سێ هاووڵاتی سڤیلیش به‌هه‌مانشێوه‌ بریندار بوون.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی گوتووه‌، هێزێكی گه‌وره‌ی پۆلیس چوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ كه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ دابینكردنی قه‌ره‌بووه‌، به‌گه‌یشتنی ئه‌و هێزه‌‌ شه‌ڕه‌كه‌ وه‌ستاوه‌.

به‌پێی وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان، چه‌ند چه‌كدارێكی عه‌سایب ویستوویانه‌ ده‌ستدرێژیی بكه‌نه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كه‌، به‌ڵام چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی رێیان لێ گرتوون و ویستوویانه‌ بیانگرن، بۆیه‌ شه‌ڕ له‌ نێوانیاندا دروست بووه‌.

به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ سكاڵای ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانی عه‌سایب ئه‌هلی حه‌ق، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كراوه‌.

عه‌سایب ئه‌هلی حه‌ق كه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی به‌ڕێوه‌یان ده‌بات نزیكن ئێران و به‌ فه‌رمانی ئه‌وانیش له‌ عێراقدا جووڵه‌یان پێ ده‌كرێت.