ئه‌ردۆغان: پێویسته‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا پاره‌یه‌كی زۆر بداته‌ توركیا

سه‌رۆككۆماری توركیا دوێنێ له‌گه‌ڵ شاندێكی به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ شاندێكی باڵای یه‌كێتی ئه‌ورووپا به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆنسه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا و سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌ورووپا سه‌ردانی توركیای كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری توركیا كۆبوویه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و یه‌كێتی ئه‌ورووپا كرا.

سه‌رۆككۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌ورووپای راگه‌یاندووه‌، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی توركیا ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپایه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توركیا ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ئامانجه‌ی خۆی نابێت.

شاندی یه‌كێتی ئه‌ورووپاش له‌ دیداره‌كه‌دا له‌ باره‌ی جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا، سیاسه‌ت و چالاكییه‌كانی توركیا له‌ رۆژهه‌ڵاتی به‌حری سپی ڕه‌خنه‌ی له‌ توركیا كردووه‌ و داوای له‌ توركیا كردووه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری چالاكییه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی به‌حری سپی ببێت و رێز له‌ مافی مرۆڤ بگرێت و بڕیاره‌كانی دادگای مافی مرۆڤ جێبه‌جێ بكات.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ دۆخی په‌نابه‌ران كراوه‌ و ئه‌ردۆغان به‌ شاندی یه‌كێتی ئه‌ورووپای گوتووه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی توركیا بتوانێت كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ره‌كان له‌ خۆی بگرێت و رێگری بكات له‌ رۆیشتنیان بۆ ئه‌ورووپا ئه‌وا پێویسته‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا پاره‌یه‌كی زۆرتر بداته‌ توركیا.

ئا: ئه‌رده‌لان گۆران