پسپۆرانی ژینگە: فرێدانی ماسكی هاووڵاتیان هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

پسپۆرانی بواری ژینگە زەنگی مەترسیی ڕوودانی كارەساتێكی گەورەی ژینگەیی نوێ لێ دەدەن بەهۆی بەكارهێنانی ژمارەیەكی زۆری ماسكەوە لەلایەن خەڵكانی جیهانەوە، كە مەزەندە دەكرێت لە هەر خولەكێكدا سێ ملیۆن ماسك لە جیهاندا فڕێ بدرێت.

پسپۆرانی ژینگەیی لە زانكۆی "ساوزێرن دانیمارك" هۆشداری دەدەن لەوەی فڕێدانی سێ ملیۆن ماسك لە هەر خولەكێكدا كە هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا و یەكێكە لە دەرەنجامەكانی ئەم پەتایە، لە ماوەیەكی نزیكدا كارەساتێكی گەورەی ژینگەیی لێ بكەوێتەوە.

جێی ئاماژەیە لەوەتەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ماسك بووەتە دیاردەیەكی جیهانی و دانیشتوانی زەوی لە شێوەی جلوبەرگێكی یەكگرتوو بە گشتی بەكاری دێنن، بەو ئامانجەی لە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بیانپارێزێت.

لەبەرئەوەی بڵاوبوونەوەی ماسك بەم ژمارە گەورەیە لە جیهاندا، دیاردەیەكی نوێیە، تا ئێستا ڕێگەچارەیەك نەدۆزراوەتەوە بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی یان چارەسەركردنی بە شێوەیەكی زانستییانە بۆ ئەوەی كەمترین زیان بە ژینگە بگەیەنێت.

ئێستا مەزەندە دەكرێت هەموو مانگێك لە جیهاندا چل و سێ ملیار دانە ماسك بەرهەم بهێندرێت، پسپۆرانی زانكۆ دانیماركیەكەش دەڵێن بڵاوكردنەوە و فڕێدانی ئەم ژمارە خەیاڵییەی ماسك بە جیهاندا، بۆمبێكی داندراوەیە و لە هەر كاتێكدا بە ژینگەدا دەتەقێتەوە.

لەلایەكی دیكەوە دامەزراوەی ژینگەیی هۆنگ كۆنگ پێشتر رای گەیاندبوو كە تەنها لە ساڵی دووهه‌زار و بیست دا، نزیكەی یەك ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن ماسك لە سەرتاسەری جیهاندا فڕێ درابووە ناو ئاوی زەریاكانەوە، كە كێشی هەر ماسكێك چوار گرامە و بە گشتی نزیكەی حەفت هەزار تۆن ماسك دەبێت، زەریاكان پێویستیان بە چوارسه‌د و په‌نجا ساڵ هەیە تاكو ئەم ماسكانە بتوێننەوە یان شی بكەنەوە.