حکومەتی بریتانیا داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین ساردنه‌بنه‌وه‌

حکومەتی بریتانیا به‌ ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ دەزگای چاودێری دەرمان و تەندروستیی ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریاندا به‌ ڕاگرتنی پێدانی ڤاكسینی ئه‌سترازێنیكا بۆ كه‌سانی خوار ته‌مه‌نی سیی ساڵ ئه‌مه‌ش دوای تۆماركردنی چه‌ند حاڵه‌تێكی خوێن مه‌یین له‌و كه‌سانه‌كه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ ڤاكسینه‌یان پێدرابوو.

هاوكات ده‌زگای چاودێری ده‌رمان و ته‌ندروستی بریتانیا داوا له‌ كه‌سانی سه‌رووی سیی ساڵی ده‌كات كه‌ ساردنه‌بنه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانی ڤاكسینی ئه‌سترازێنیكا، چونكه‌ كاریگه‌ری باشی هه‌بووه‌ بۆ دژه‌ كۆرۆنا و رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌.  

دامەزراوەی دەرمان و چاودێری تەندروستی بریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی کوتان و بەرگریکردن بڕیاریاندا کە ڤاکسینی ئۆکسفۆرد ئەسترازێنێکا لە بریتانیا تەنها بۆ تەمەنی سەرووی سیی ساڵ بەکاربێت، بە واتایەکی دیكه‌، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سیی ساڵ بە خوارەوەن ڤاکسینی تریان بۆ دابین دەکرێت لە جیاتی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا وەکو ڤاکسینی فایزەر بایۆنتیك یان ڤاکسینی مۆدێرنای ئەمریکی.  

هه‌روه‌ها روونیشیكردۆته‌وه‌ له‌ كۆی زیاتر له‌ بیست ملیۆن كه‌س كه‌ ڤاكسینی ئه‌سترازێنیكایان وه‌رگرتووه‌ حه‌فتا و نۆ كه‌س دووچاری حاڵه‌تی خوێن مه‌یین بوون واته‌ به‌ ڕێژه‌ی چوار كه‌س بۆ هه‌ر ملیۆن كه‌سێك هه‌روه‌ها بیست كه‌سیش دوای وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌ واتای یه‌ك كه‌س بۆ هه‌ر ملیۆنێك كه‌س ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی ئێجگار نزمه‌ و جێگه‌ی دڵه‌ڕاوكێ نییه‌.

هاوکات رێنمایی هاوڵاتیان دەکات بەوەی، هه‌واڵی نادروست ساردیان نەکاتەوە لە وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە چونکە تا ئێستا ئەو ڤاکسینە و ڤاکسینەکانی تریش کاریگەرییەکی باشیان هەبوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.