رووسیا بۆ جاری دووه‌م هۆشداری ده‌داته‌ توركیا

 نابێت دۆڕنه‌كانی روانه‌ی ئۆكراینا بكات

 دوای ئه‌وه‌ی رۆژی دوو شه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ رووسیا نایه‌وێت توركیا ده‌ستوه‌ردانی له‌ دۆخی ئۆكراینا و دۆخی ئه‌م دوایه‌ی ناوچه‌ی دۆنباس بكات كه‌ تێیادا شه‌ڕ له‌ نێوان رووسیا و ئۆكراینادا هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها هۆشداری دابوویه‌ توركیا كه‌ نابێت هاوكاری گرووپه‌ چه‌كداره‌ ئۆكراینییه‌كان بكات و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان پێ بدات، رۆژی سێ شه‌ممه‌ رووسیا دووباره‌ هۆشداری دایه‌ توركیا.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا سه‌رگه‌ی ریابكۆڤ گوتی: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت ببیستین كه‌ فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا روانه‌ی ناوچه‌ی دۆنباس كراون و پێویسته‌ توركیا له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر هۆشیار و چاوكراوه‌ بێت و خۆی له‌ نانی هه‌ر جۆره‌ هه‌نگاوێك كه‌ ببێته‌ هۆی نیگه‌ران و تووڕه‌ كردنی رووسیا به‌ دوور بگرێت.

سه‌رگه‌ی ریابكۆڤ هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ رووسیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێ خۆش نییه‌ كه‌ توركیا هانی گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی سه‌ربه‌ حكوومه‌تی ئۆكراینا و سوپای ئۆكراینا بدات بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌ ئاڵۆزییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا بده‌ن.

ریابكۆڤ جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دیتنی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا له‌ دۆنباس ده‌بێته‌ هۆی نیگه‌رانی و تووڕه‌ بوونی رووسیا.

ئه‌رده‌لان گۆران