وه‌زاره‌تی دارایی عێراق : ناوه‌ڕۆكی یاسای بوودجه‌ هه‌ڵه‌ی تێدایه‌

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، ناوه‌ڕۆكی یاسای بوودجه‌ی 2021 كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قائیع بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ھه‌ڵه‌ی تێدایه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی یاسای بوودجه‌ی 2021 له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قائیع بڵاوكرایه‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی وردبینی بۆ ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ كردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ ھه‌ڵه‌ی تیایدایه‌ و ھاتووه‌: سه‌رجه‌م ھه‌ڵه‌كانی نێو یاساكه‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ نووسراوی ژماره‌ 3022 له‌ شه‌شی ئه‌م مانگه‌ نێردراوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هه‌ڵه‌كانیش له‌و ماددانه‌ كراون كه‌ تایبه‌تن به‌ كۆی گشتیی داهات، خه‌رجیی، خه‌رجی به‌كاربردن و كورتهێنان.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی سه‌باره‌ت به‌ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی نێو یاسای بوودجه‌ی 2021، له‌گه‌ڵ سه‌ركۆمار  گفتوگۆ ده‌كات.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی دادی عێراق رایگه‌یاندبوو كه‌ یاسای بوودجه‌ی 2021 له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قائیع بڵاوكرایه‌وه‌ .