عه‌لی باباجان : ده‌رگامان بۆ هه‌ده‌په‌ كراوه‌یه‌

سه‌رۆكی داڤا پارتی ده‌ڵێت: ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تی بكه‌ن.
له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیادا بۆ خۆئاماده‌ كردن بۆهه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ورده‌ ورده‌ ده‌ستیان به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتركردووه‌.
هه‌ر چه‌ند له‌ توركیا به‌ گوێره‌ی یاسا له‌ ساڵی 2023دا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام رای زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ توركیا هه‌ڵبژاردن پێشوه‌خته‌ بكرێت.
حاڵیحازر له‌ توركیا دوو هاوپه‌یمانیه‌تی سه‌ره‌كی هه‌ن كه‌ بریتین له‌ هاوپه‌یمانی جمهوور كه‌ له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ پێكهاتووه‌ و حاڵیحازر ده‌سه‌ڵاتداره‌ و هاوپه‌یمانی میلله‌ت كه‌ به‌ فه‌رمی له‌ جه‌هه‌په‌، پارتی سه‌عاده‌ت و ئیی پارتی پێكهاتووه،‌ به‌ڵام هه‌ده‌په‌یش پشتیوانی له‌م هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ ده‌كات و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌رێمییه‌كاندا ده‌نگی به‌ كاندیدی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ دابوو له‌ ئیسته‌نبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داڤا پارتی كه‌ ساڵی رابردوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی كارساز و بازرگان و وه‌زیری پێشووی ئاكه‌په‌ عه‌لی باباجان دامه‌زراوه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ده‌رگای ئه‌وان بۆ ئه‌نجامدانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بێجگه‌ له‌ ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ كراوه‌یه‌.
داڤا پارتی باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دروست كردنی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی نوێ بكه‌ن.
هه‌ده‌په‌ و پارتی سه‌عاده‌تیش پێشتر رایانگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌وان به‌جیا كار له‌سه‌ر دروست كردنی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی دیكه‌ ده‌كه‌ن.
هه‌ر چه‌ند ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌یش بۆ دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و هاوپه‌یمانی میلله‌ت رۆژانه‌ ره‌خنه‌ له‌ پارتی سه‌عاده‌ت، جه‌هه‌په‌ و ئیی پارتی ده‌كه‌ن و به‌ پشتیوانی كردنی هه‌ده‌په‌ تۆمه‌تبارایان ده‌كه‌ن و هاوكات تۆمه‌تی پشتیوانی كردنیش ده‌خه‌نه‌ پاڵ هه‌ده‌په‌ و كار له‌سه‌ر داخستنی هه‌ده‌په‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌رده‌لان گۆران