له‌ هه‌ولێر هاوکاری بەسەر 100 خێزانی شەهیدی زیندوو و پێشمەرگە دابەشکرا

لەژێرچاودێری و بەڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر، هاوکاری بەسەر (100) شەهیدی زیندوو و خێزانی پێشمەرگە قارمانەکان دابەشکرا.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.4.21، لەژێرچاودێری و ڕاسپاردەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر (EJCC) بەهەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە و ڕێکخراوی (هیومانتی)، لەڕێورەسمێکدا لە سەنتەری وەرزش و لاوانی هەولێر، وەکو قۆناغی سێیەم هاوکاریان بەسەر (100) شەهیدی زیندوو و خێزانی پێشمەرگە قارمانەکان دابەشکرد.

لەڕێورەسمەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتیی  چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و بەڕێوەبەری EJCC/ پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین وەکو پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ لەخزمەتی ئیوەداین، دەست خۆشی لەبەڕێوەبەرایەتی EJCC/ پارێزگای هەولێر و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە هەماهەنگ بوونە بۆئەوەی بتوانین بەشێک لەئەرکی سەرشانی شەهیدانی زیندوو و خانەوادەی سەبەرزی پێشمەرگە قارمانەکان سوک بکەین و هاوکاریان بین، لەماوەی داهاتووشدا ئەو هاوکاریانەی دێتە دەستمان، پشت بە خودای گەورە لەگەڵ خێرخوازان و ئەوکەسانەی ڕۆڵیان هەیە لەهاوکاری و ئەوجۆرە یارمەتیانە، هەوڵدەین لە سنووری پارێزگاکەمان دابەشی بكه‌ین.

جێگەی باسە، هەڵمەتی دابەشکردنی هاوکاری خۆراک و پێداویستی بەردەوام دەبێت و لەهەفتەی داهاتووشدا بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر بەهاوکاری و هەماهەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەستدەکات بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر (2000) خێزانی شەهیدانی سنووری پارێزگای هەولێر.