ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی ئاگادارینامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی توركیا له‌ پڕۆگرامی F-35 داوه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پێنتاگۆن) بڵاویكرده‌وه‌ به‌ فه‌رمی ئاگادارینامه‌یه‌ك دراوه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی توركیا له‌ پرۆگرامی F-35.

كاربه‌ده‌ستێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكیدا ، ورده‌كاریی له‌باره‌ی چۆنێتی ره‌وانه‌كردنی ئاگادارینامه‌كه‌ نه‌دا.

كاربه‌ده‌سته‌كه‌ باسی له‌وه‌كرد له‌ ئاگادارینامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش كه‌ له‌ ساڵی 2006دا به‌ واژووی وڵاتانی به‌شدار هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و توركیا له‌ 26ی كانوونی دووه‌می 2007دا یاداشته‌كه‌ی واژووكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌ و توركیا له‌ ده‌قی نوێی یاداشته‌كه‌دا به‌شداریی پێنه‌كراوه‌.

هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سته‌كه‌ تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی یاداشته‌كه‌ی ساڵی 2006 له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌شت هاوبه‌شه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ نوێكراوه‌ته‌وه‌ و هیچ به‌شدارێكی هاوبه‌ش بۆ یاداشته‌كه‌ زیاد نه‌كراوه‌.

توركیا وه‌ك هاوبه‌شێكی به‌رهه‌مهێن به‌شداریی له‌ یاداشتی هاوبه‌شی لێكتێگه‌یشتنی پرۆگرامی فڕۆكه‌ی هێرشبه‌ری هاوبه‌شی F-35 دا كردبوو.

به‌شداربووانی پرۆگرامه‌كه‌ جگه‌ له‌ توركیا بریتیی بوون له‌ ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئیتاڵیا، هۆڵه‌ندا، ئوسترالیا، دانیمارك، كه‌نه‌دا و نه‌رویژ.