ئاژانسی ده‌رمانسازی ئه‌وروپا: ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا هیچ كاریگه‌رییه‌كی مه‌ترسیداری نییه‌

ئه‌مڕۆ ئاژانسی ده‌رمانسازی ئه‌وروپا رایگه‌یاند: به‌كارهێنانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا له‌ جۆری ئه‌سترازینیكا هیچ كاریگه‌رییه‌كی مه‌ترسیداری نییه‌ و به‌هه‌موو ته‌مه‌ن و چین و توێژێك گونجاوه‌.

ئاژانسی ده‌رمانسازی ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو سوود و ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌كانی ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا زۆر زیاتره‌ له‌و حاڵه‌ته‌ ده‌گمه‌نانه‌ی كه‌ له‌ به‌كارهێنه‌رانی ئه‌م ڤاكسینه‌ ڕوویداوه‌ له‌وانه‌ش خوێن مه‌یین و مردنی كتوپڕ.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی به‌كارهێنه‌رانی ڤاكسینه‌ بریتانیاكه‌ ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ڤاكسینه‌كه‌ و نه‌بوونی مه‌ترسیی له‌ به‌كارهێنانی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا نییه‌ و ئامۆژگاری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان ده‌كات ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنای ئه‌سترازینیكا وه‌ربگرن.

هه‌روه‌ها روونیشی كردۆته‌وه‌ له‌ چه‌ندین ملیۆن حاڵه‌تی به‌كارهێنانی ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا شه‌ست بۆ حه‌فتا حاڵه‌تی خوێن مه‌یین و مردن به‌ ڤاكسینه‌كه‌ تۆماركراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی ئێجگار نزمه‌ به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی زۆری به‌كارهێنه‌رانی ڤاكسینه‌كه‌.

ئه‌وه‌شی باسكردووه‌ ڤاكسینه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سانی خوار شه‌ست ساڵ زیاتره‌ وه‌ك له‌ كه‌سانی به‌ساڵاچوو هه‌روه‌ها زووتر ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌كانی ده‌ركه‌وتووه‌.