ئاقشه‌نه‌ر: له‌ توركیا بێ رێزی به‌ كورد ده‌كرێت

له‌ ژێرناوی هه‌ده‌په‌ له‌ توركیا بێ رێزی به‌ كورد ده‌كرێت سه‌رۆكی گشتی ئیی پارتی مه‌راڵ ئاقشه‌نه‌ر له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی توركیادا رایگه‌یاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی توركیا و هاوبه‌شه‌كانی له‌ توركیا بێ رێزی به‌ گه‌لی كورد و هاووڵاتییه‌ كورده‌كان ده‌كه‌ن.

ئاقشه‌نه‌ر باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هاوبه‌شه‌كانی ده‌یانه‌وێت به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر هه‌ده‌په‌، ئیی پارتی و مه‌راڵ ئاقشه‌نه‌ر چاوترسێن بكه‌ن و بیانكێشنه‌ سه‌ر سیاسه‌ت و خه‌تی خۆیان به‌ڵام له‌ راستیدا له‌ ژێر ناوی دۆژمنایه‌تی كردنی هه‌ده‌په‌ و گوشار خستنه‌ سه‌ر هه‌ده‌په‌ له‌ توركیا رۆژانه‌ بێ رێزی به‌ گه‌لی كورد ده‌كرێت.

ناوبراو باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان( به‌ قسه‌ی ئاقشه‌نه‌ر: باشوور و باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئانادۆڵو) قوربانی زۆر بۆ توركیا دراوه‌ و خزمه‌تی زۆر به‌ توركیا كراوه‌ و نابێت بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ هێنانی چه‌ند كورسییه‌ك و ده‌نگێكی زیاتر، به‌مجۆره‌ بێ رێزی به‌و هاووڵاتییه‌ كوردانه‌ بكرێت.

ئه‌رده‌لان گۆران