سائیرون: به‌بێ هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین

لیستی سائیرون كه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان راگه‌یاند و ئاشكرایكرد، هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌كیان نییه‌ و به‌ته‌نها به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن.

ریاز مه‌سعودی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی سائیرون له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: به‌بێ هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ك به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان كاری ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هاوپه‌یمانی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی سیاسی دروست بكات كه‌ خواسته‌كانی گه‌ل به‌جێ بهێنن دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی.

گوتیشی، هاوپه‌یمانی سائیرون له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانێتی سیاسیه‌وه‌ حكومه‌تی داهاتوو پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شداری پێبكات، به‌ڵكو بڕوای ته‌واویشی به‌ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هه‌یه‌ كه‌ چاودێری كار و ئه‌دای حكومه‌ت بكات بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌رده‌درێت.