ئه‌مریكا ده‌ستی به‌سه‌ر به‌له‌مێكی پڕ له‌ چه‌كی نایاسایی له‌ ده‌ریای عه‌ره‌بدا گرت

كه‌شتیگه‌لی پێنجه‌می ئه‌مریكا رایگه‌یاند: كه‌شتیی "یو. ئێس. ئێس. مۆنتێری" سه‌ر به‌ كه‌شتیگه‌لی پێنجه‌م، ده‌ستی به‌سه‌ر به‌له‌مێكدا گرتووه‌ كه‌ چه‌كی نایاسایی باركردووه‌ له‌ باكوری ده‌ریای عه‌ره‌ب.

ئه‌و چه‌كانه‌ش، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی، پێكدێن له‌ چه‌كی پێشكه‌وتووی رووسی و چینی كه‌ بریتین له‌ چه‌كی قورس، مووشه‌كی دژه‌ تانك، چه‌كی نیشانه‌ شكێن، پێگه‌ی تێگرتنی مووشه‌ك، ره‌شاش و هه‌زاران تفه‌نگی هێرشبه‌ری چینی.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پرۆسه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگرتنه‌كه‌ له‌ رێكه‌وتی 7ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌چووه‌. هاوكات، باره‌گای ناوه‌ندی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی ئه‌مریكا، جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن به‌مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی ئاراسته‌ی كۆتایی ئه‌م به‌له‌مه‌.