نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی تۆماركرد و برێنت سنووری 68 دۆلاری تێپەڕاندەوە. 

لەگەڵ كردنەوەی بازاڕە جیهانییەكان، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 68.70 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، بەراورد بە دوێنێ، چەند سەنتێك بەرزبووەتەوە. 

نرخی نەوتی خاوی تەكساسیش بە 65.27 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت و ئەویش نرخەكەی بەرزبووەتەوە. 

سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی ڤایرۆسی كۆرۆنای هیندی، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی نەوت هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشبینییەكانی خواست لەسەر نەوت بەئاراستەی زیاتربوون و ئەرێنییە، بۆیە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبووەوە. 

لە ڕۆژی سێشەممەوە و دوای داتا و پێشبینییەكانی پەیمانگای پترۆڵی ئەمریکی ئه‌ی پی ئای، نرخی هەردوو جۆرە سەرەکییەکەی نەوت بەڕێژەی له‌سه‌دا دوو بەرزبوونەتەوە. 

بەپێی داتاکانی ئەو پەیمانگا ئەمریکییە، لە هەفتەی ڕابردوودا یەدەگی نەوتی ئەمریکا 7.69 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە و ئەمەش بەرزترین ئاستی کەمبوونەوەیە لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە تۆماری کردبێت.