فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی عێراق ده‌كه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كانی عێراق ھۆشداری دا له‌ كێشانه‌وه‌ی تیمی كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی F-16 له‌ عێراق و رایگه‌یاند كه‌ راگرتنی پڕۆسه‌ی مه‌شق و راھێنان به‌ تیمه‌كانی ھونه‌ری سه‌ربازیی عێراق له‌ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی F-16، كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كانی عێراق، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند كه‌ له‌ئێستادا فڕۆكه‌كانی F-16 رۆڵی گرنگ ده‌گێرن له‌ شه‌ڕی دژبه‌ تیرۆر و جگه‌ له‌وه‌یش بڕه‌بڕه‌ی پشتی ھێزی ئاسمانیی عێراقه‌ و گوتی :ئومێد ده‌كه‌ین، كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی F-16، تا ئه‌و كاته‌ی مه‌شق و راھێنانه‌كان به‌ تیمه‌كانی ھونه‌ری سه‌ربازیی عێراق ته‌واو ده‌كه‌ن، تیمه‌كانیان له‌ عێراق نه‌كێشنه‌وه‌.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی گوتی: "راگرتنی پڕۆسه‌ی مه‌شق و راھێنان به‌ تیمه‌كانی ھونه‌ری سه‌ربازیی عێراق له‌ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی F-16، كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت".

ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ دێت، كۆمپانیای لۆكھید مارتن-ی ئه‌مریكی تیمی چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی F-16 له‌به‌ر ھۆكاری ئه‌منی له‌ عێراق كێشایه‌وه‌.

تیمی كۆمپانیای لۆكھید مارتن تایبه‌ت به‌ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی F-16 له‌ بنكه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د باشووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین باكووری عێراق، جێگیركرابوون.

له‌ ماوه‌كانی رابردوودا، چه‌ندین ھێرشی مووشه‌كی كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د.