له‌ ماوه‌ی 7 ساڵدا له‌ توركیا 5 كه‌س كوژراون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ زمانی كوردی قسه‌یان كردووه‌

هێرشی راسته‌وخۆیان كراوه‌ته‌ سه‌ر

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی ناوه‌ندی پاراستنی زمان و كه‌لتووری كوردی (برجا به‌له‌ك) گوشاره‌كانی سه‌ر زمان و كه‌لتووری كوردی له‌ توركیا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌ و رۆژانه‌ به‌ شێوازی جیاجیا هێرشی سه‌ر زمان و كه‌لتووری كوردی له‌و وڵاته‌دا ده‌كرێت.

ناوه‌نده‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 7 ساڵی رابردوودا له‌ سه‌رانسه‌ری توركیا به‌ تایبه‌تی له‌ شاره‌كانی رۆژئاوای توركیا، 5 هاووڵاتی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ زمانی كوردی قسه‌یان كردووه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر و گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و زیاتر له‌ 20 هاووڵاتی دیكه‌ی كوردیش به‌ هۆی زمانی كوردییه‌وه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر و بریندار بوونه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ناوه‌ندی برجا به‌له‌ك هێرشه‌كان له‌ دوای ساڵی 2013وه‌ په‌ره‌یان سه‌ندووه‌ و هێشتا به‌رده‌وامن. ناوه‌نده‌كه‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا تیشكی خستووته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێرشه‌كانی سه‌ر زمانی كوردی ته‌نیا له‌ لایه‌ن كه‌سانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته‌وه‌ ئه‌نجام نادرێن به‌ڵكو حكوومه‌تیش هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر زمان و كه‌لتووری كوردی به‌رده‌وام ده‌كات و له‌ بواری ره‌سمیدا هیچ جۆره‌ گرنگی ونرخێك به‌ زمان و كه‌لتووری كوردی نادات و له‌ بواری ته‌عین كردنی مامۆستایانیشدا ئه‌گه‌ر هه‌زار مامۆستای زمانی توركی ته‌عین بكرێن ئه‌وا ته‌نیا یه‌ك مامۆستای زمانی كوردی ته‌عین ده‌كرێت. ئه‌رده‌لان گۆران