حه‌سه‌ن ڕوحانی په‌یامێكی توند ئاراسته‌ی ئیسرائیل ده‌كات

سه‌رۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران داوا له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌ تاوانه‌كانی ئیسرائیل بێ ده‌نگ نه‌بن.  

حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ لێدوانێكدا داوای له‌ میسر و ئوردن و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب كرد به‌رانبه‌ر به‌ تاوانه‌كانی ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌و كه‌ناری ڕۆژئاوا بێ ده‌نگ نه‌بن.

ڕوحانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل سه‌ركۆنه‌ ده‌كات و داوا له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌كات بكه‌ونه‌ خۆیان و به‌رگری له‌ فه‌له‌ستین بكه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان هیچ شتێكیان له‌ پێش نه‌ماوه‌ ته‌نیا به‌رگری له‌خۆكردن نه‌بێت، چونكه‌ شێوازی دیكه‌یان تاقی كردووه‌ته‌وه‌و هیچ ئاكامێكی نه‌بووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌جید ته‌خت ڕه‌وانچی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ تویته‌ر داوای له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد تاوانه‌كانی ئیسرائیل له‌بیرنه‌كات و نووسیویه‌تی كه‌ پێویسته‌ ئه‌مریكا چی دیكه‌ پشتیوانی له‌ ئیسرائیل نه‌كات.