نوێترین ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوكرایەوە

ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان سه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاند.

ژماره‌ی تووشبووان به‌ په‌تای كۆرۆنا له‌ جیهاندا سه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاند هه‌روه‌ها تا ئێستا سێ ملیۆن و سێسه‌د و په‌نجا و نۆ هه‌زار كه‌سیش به‌هۆی په‌تاكه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی داتا سه‌نته‌ری جیهانی تا پێشنیوه‌رۆی ئەمڕۆ هه‌ینی، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان گەیشتە سه‌رووی سه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن كەس.

لەماوەی بیست و چوار كاتژمێری رابردوودا نزیكه‌ی هه‌شسه‌د هەزار كەس لەسەر ئاستی جیهان تووشی كۆرۆنا بوون، كه‌ به‌شی زۆری تووشبووان له‌ وڵاتی هیندستان تۆماركراوه‌ و ئه‌و وڵاته‌ بۆته‌ ناوه‌ندێكی ترسناكی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و ته‌نها له‌ ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێكدا پتر له‌ سێسه‌د و په‌نجا هه‌زار كه‌س بوونه‌ته‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە ئامارەكاندا ئەوەش هاتووە، سێ ملیۆن و سێسه‌د و په‌نجا و نۆ هه‌زار كەس به‌ كۆرۆنا مردوون، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی سه‌د و چل ملیۆن تووشبوو، چاكبونەتەوە و پەتاكەیان پەڕاندوە.

له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌ژده‌ ملیۆن و حه‌فسه‌د هه‌زار كه‌س هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی نه‌وه‌د و نۆ له‌ سه‌دای تووشبووان دۆخی ته‌ندروستییان جێگیره‌، به‌ڵام سه‌د و چوار هه‌زار تووشبوو كه‌ ده‌كاته‌ له‌ سه‌دا سفر پۆینت شه‌شی كۆی ژماره‌ی تووشبووان له‌ ره‌وشێكی ته‌ندروستی خراپ دان و له‌ ژێر چاودێری چڕ دان.

له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانیش ئه‌مه‌ریكا له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌ و زۆرترین حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆرۆنای تۆماركردووه‌ كه‌ تا ئه‌مرۆ هه‌ینی گه‌یشته‌ سی و سێ ملیۆن و شه‌شسه‌د و بیست و شه‌ش هه‌زار كه‌س دوای ئه‌ویش هیندستان به‌ پله‌ی دووه‌م دێت كه‌ بیست و چوار ملیۆن تووشبووی كۆرۆنای تۆماركردووه‌.