جه‌واد موسه‌وی : پێمان باشه‌ له‌ئێستادا مسته‌فا كازمی كاروباری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ڕێوه‌ببات

جه‌واد موسه‌وی،ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ له‌ئێستادا، پێیان باشه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مسته‌فا كازمی كاروباری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی به‌ڕێوه‌ببات.

جه‌واد موسه‌وی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌ھۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی كه‌م ماوه‌ له‌ كاندیدكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی وه‌زیری ته‌ندروستیی تا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و گوتی:"له‌ئێستادا، پێمان باشه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مسته‌فا كازمی كاروباری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی به‌ڕێوه‌ببات، چونكه‌ ئه‌وه‌ خزمه‌تێكی باش ده‌بێت بۆ ره‌وشی ته‌ندروستیی".

پێشتر به‌ھۆی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن خه‌تیب كه‌ تایبه‌تكرابوو به‌ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ به‌غدا كه‌ به‌ھۆیه‌وه‌ 130 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ده‌یانی دیكه‌ش برینداربوون، وه‌زیری ته‌ندروستیی، حه‌سه‌ن ته‌میمی ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌.