کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پێشوازی لە هەڵوێستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر، پێشوازی له‌ پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی و رێزگرتن له‌ كاری دیپلۆماتكاران ده‌كات.

له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر نووسیویه‌تی، پێشوازی لە جەختکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە پاڵپشتی تەواوی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕێزگرتن لەو کارە گرنگانەی کە دیپلۆماتکاران دەیکەن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی تر  بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، و ھەروەھا روونکردنەوەی حکومەتی ھەرێم کە کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکاران تاوان نییە.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ‌كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ دوێنێ، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکی کرد کە پێکهاتبوو لە جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت، ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسی، لە دیدارەکەدا هەردوولامان پشتیوانی خۆمان بۆ ئازادی کاری راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە.