شاندێكی لیژنەی پێشمەرگە میحوەره‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌


له‌راگه‌یاندراوێكدا، لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌:  دوابەدوای سەردانیکردنی شاندێكی لیژنەی كاروبارى پێشمەرگە بۆ میحوەری مەخمورو گوێڕ به‌مه‌به‌ستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکێشەو گرفتەکانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لەو میحوەرەو هەروەها بەسەرکردنەوەی پێشمەرگەکانی چیای قەرەچوخ کە کۆتا ساتری پێشمەرگەیە بەرامبەر تیرۆریستانی داعشن، ڕۆژی دووشەممە 2021/6/14، شاندێکی تری لیژنەكه‌ کەپێکهاتبوو له‌ عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنەو ڕزگار نەگڕەیى بڕیاردەری لیژنەو سەعید هەرکی و ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی سەنگەرەکان و هێڵی تەماسی پێشمەرگەیان لەهەرسێ میحوەری گەرمەسێرو میحوەری قەرەتەپە-حەمرین و میحوەری یەکەکانی حەفتا لەکوڵەجۆ کرد.
لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: لەو سەردانانەدا شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان باسیان له‌ ئامانجی سەردانەکەیان كرد كه‌ بۆ بەسەرکردنەوەو بەدوداچوونی مەیدانییه‌ بۆ میحوەرەکان و دەستنیشانکردنی پێداویستی و داواکاری و کێشەکانی هێزه‌كانى پێشمەرگە، لای خۆیانه‌وه‌ فەرماندە مەیدانییەکانى میحوه‌ره‌كان بەوردی داواکاری و گرفتەکانیان خستەڕوو و خۆشحاڵیی خۆشیان به‌وسەردانە دەربڕی.
له‌كۆتاییدا لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: لەسەردانەکاندا یەکەو ڕەبیەکانی پێشمەرگە بەسەرکرانەوەو شانده‌كه‌ سوپاس و پێزانینی لیژنەكه‌یان گەیاندە فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان کەبەوپەڕی گیانی لەخۆبردووییەوە ئەرکەکانی خۆیان بەگیانێکی نیشتیمانییانەو بەوپەڕی دڵسۆزی و ورەی بەرزی پێشمەرگانەوە ڕادەپه‌ڕێنن، ئاماژه‌شیان به‌وه‌ كرد كه‌ هەمیشە پێشمەرگە پارێزەرو شورای پۆڵاینی خاک و خەڵکی کوردستان بووه‌ لەبەرامبەر چاوچنۆكى نەگریسی شۆڤێنییەکان و دەستی ڕەشی تیرۆریستاندا.

 

شوان عه‌زیز