بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر: حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێت كێشەی گرانبوونی نرخی به‌نزین چارەسه‌ر بكات

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، باسی ھۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەكات و دەڵێ، دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن كە بەنزین گران بووە، یەكێكیان ئەوەیە كە ئێران گرانی كردووە و ئەوەی دیكەش لە پشكنین دەرناچێت، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێ جێگرەوە بدۆزێتەوە و ئەو كێشەیە چارەسه‌ر بكات. 

ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند ئێمە رۆژانە لیژنەكانمان سەردانی بەنزینخانەكان دەكەن و پشكنین بۆ بەنزینەكە دەكەن و ھەر كەسێك سەرپێچیی رێنماییەكان بكات و ئۆكتانی بەنزینەكەی لە خوار 90 بێت، سزای دەدەین، لەو سێ رۆژەشدا نزیكەی 10 بەنزینخانەمان سزا داون، بەڵام بۆ نرخ بەھۆی ئەوەی بازرگانییە و لەو شوێنەی بەنزینی لێ دێت گران بووە و ئەوەش بۆ چەند ھۆكارێك دەگەڕێتەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین بڕیاری لەسەر بدەین. 

ڕاشیگه‌یاند: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەو رێنماییە تازانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەریكردوون، كە نابێت بەنزینی خراپ بۆ ھەرێمی كوردستان بێت، وایكردووە نرخی بەنزین ھەندێك گران بێت، بەڵام دوو ھۆكاری دیكە ھەن كە وایان كردووە نرخی بەنزین گران بێت، ئەوانیش ئێران بۆ ھەر لیترێك بەنزین نزیكەی 150 دیناری گران كردووە و ھۆكاری دووەمیش ئەوەیە، ئەو بەنزینەی دێت بەشێكی لە پشكنین دەرناچێت و خراپە و بەكەڵك نایەت، بۆیە ئەمانە وایان كردووە نرخی بەنزین زیاتر گران بێت. 

ئاری كاكه‌ شین ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێ جێگرەوەی ھەبێت و ھاوكار بێت بۆ ئەوی بتواندرێت رێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە و نرخی بەنزین هەرزان بكرێت، ئێمەش بەردەوام داواكاری دەكەین و لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بتواندرێت نرخی بەنزین هەرزان بێت.