کەشناسی هەرێم: شه‌پۆڵێكی گه‌رمای به‌تین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە پێشبینی دەکات لە سبەینێوە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. 

کەشناسی هەرێم ڕایگەیاندووە: ڕۆژى هەینى پلەکانى گەرما دەست دەکات بە بەرزبوونەوە، ڕۆژى شەممەى سەرەتاى هەفتەى داهاتوو، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما زیاتر دەبێت  لە زۆربەى ناوچەکان دەگاتە سەرووى 40 پلەى سیلیزى. 

کەشناسی ئاماژە بەوەشدەکات، بەهۆى چالاکبوونى نزمە پاڵە پەستۆى وەرزى گەرمى ساڵانە لەگەڵ وەرگەڕانى هاوینە پێشبینى دەکەین، لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بە گشتى بەرزترین پلەکانى گەرما بەردەوام لە سەرووى 40 پلەى سیلیزى بێت.

بەپێی پێشبینی کەشناسی هەرێم، “شەپۆلەکانى گەرما ڕوو لە ناوچەکەمان دەکەن بەرزترین پلەکانى گەرما تا سەرووى 45 پلەى سیلیزى بەرزدەبێتەوە.

سەبارەت بە سەنتەرى پارێزگاکان و لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەگاتە سەرووى 36 پلەى سیلیزى. 

هەفتەی داهاتوو وەرزی هاوین لە ناوچەکەدا دەستپێدەکات و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.