به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی چه‌ند شه‌قام و كۆڵانێك له‌ گه‌ڕه‌كی ژیانی شاری هه‌ولێر ​دانرا

له‌ژێرچاودێری پارێزگاری هەولێر، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی چه‌ند شه‌قام و كۆڵانێك له‌ گه‌ڕه‌كی ژیان ​دانرا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەمە 2021.6.19، له‌ژێرچاودێری و به‌ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، به‌یاوه‌ری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر و جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی و به‌رێوه‌به‌ری شاره‌وانی پێنج و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ به‌رپرسانی ئیداری و هاوڵاتییانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌گه‌ڕه‌كی ژیان (قۆناغی یه‌كه‌م) و دروستكردنی چه‌ند كۆڵانیك له‌گه‌ڕه‌كی ژیان (قۆناغی دووه‌م) دانرا.

پڕۆژه‌كه‌ به‌گوژمه‌ی (324,967,500) سێ سه‌د و بیست و چوار ملیۆن و نۆسه‌د و شست و حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پاریزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن كۆمپانیای ڕووبار جێبه‌جێده‌كرێت و ماوه‌ی دیاریكراو بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌كه‌ (120) ڕۆژه‌، به‌ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیه‌ خزمەتێکی زۆری دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌كرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خەڵکی ئەم گەرەکە لە وەرزی هاویندا به‌هۆی خۆڵ و تۆز و بۆنی ناخۆش و لە وەرزی زستانیشدا به‌هۆی قوڕولیتە هەراسان ببوون، بە تەواوكردنی ئه‌م پڕۆژەیە ئەو کێشانەیان چارەسەر دەبێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر، وێڕای پیرۆزبایی له‌دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی ژیان به‌بۆنه‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ و ده‌سپێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر سه‌ردانی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كمانكرد، یه‌كێكیش له‌و پڕۆژانه‌ دانانی به‌ردی بناغه‌ و ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی چه‌ند شه‌قام و كۆڵانێكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی ژیان، ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سنووری پاریزگای هه‌ولێر، لێره‌شه‌وه‌ ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پلانانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێر و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر دانراون، ئه‌وله‌ویه‌تمان داوه‌ته‌ (ڕێگاو بان و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با) كه‌ ئه‌وانه‌ش به‌شێكی گرنگی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانن له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌وازنێكمان له‌نێوان ناوشار و قه‌زاو ناحییه‌ و گونده‌كان و ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر داناوه‌، له‌ناوشاریش ئه‌ولوه‌یه‌تمان خزمه‌تكردنی گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر هه‌روه‌ها گوتی: ئێستا له‌قۆناغی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانداین و ئومێدمان وایه‌ له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا بتوانین ته‌واوی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌سنووری پاریزگای هه‌ولێر جێبه‌جێبكه‌ین به‌تایبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێویستیان پێی هه‌یه‌.