یانه‌كانی مانچێسته‌ر سیتی و یونایتد به‌جیا هه‌وڵی به‌ گواستنه‌وه‌ی رامۆس ده‌ده‌ن


دوای ئەوەی سێرجیۆ ڕامۆس بەرگریكاری بەناوبانگی ئیسپانی بەفەرمی ڕیزی یانەی ڕیال مەدریدی جێهێشت، سەرچاوەكانی دەنگوباس وێستگەی داهاتووی یاریزانەكەیان خستەڕوو كە چاوەڕوان دەكرێت لە مێركاتۆی هاوینەی ئێستادا پەیوەندی بە یەكێك لە یانە بەناوبانگەكانی ئەوروپا بكات.
 لەمبارەوە ڕۆژنامەی سپۆرت بیڵدی ئەڵمانی ئاشكرای كرد كە لە ئینگلتەرا هەردوو یانەی مانچێستەرسیتی و مانچێستەریونایتد بەجیا هەوڵی گواستنەوەی ڕامۆس دەدەن، لە فەڕەنساش یانەی پاریس سانجێرمان بە ڕاسپاردەی ناسر خلێفی قەتەری و سەرۆكی یانەكە لە هەوڵدایە زۆرترین ئەستێرەی تۆپی پێ‌ لە پێكهاتەی تیپەكەی كۆبكاتەوە، بۆیە چاوی بڕیوەتە تواناكانی ڕامۆس.
 وێستگەیەكی دیكەی بەرگریكارەكەش یانەی سیڤیلیەیە كە لە ڕیزەكانیدا دەستی بە یاریكردن كردووە، ئەویش سەرەڕای ئەوەی ڕامۆس ڕایگەیاندبوو كە لە پلانی ئێستایدا نیە بگەڕێتەوە ڕیزی سیڤیلیە، له‌ ئیتاڵیاش یانه‌ی ئه‌ی سیی میلان چاوی بڕیوه‌ته‌ تواناكانی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه.
 جێگای باسە ڕامۆسی تەمەن سی و پێنج ساڵ دوای شازدە ساڵ پۆشینی درێسی ڕیال مەدرید ، لە ڕۆژانی ڕابردوو و بە تەواوبوونی گرێبەستی و نەگەیشتنی بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئیدارەی ڕیال بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بەفەرمی ڕیزی یانەی شاهانەی جێهێشت و ماڵئاوایی لە یانەكە كرد.