ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن دەنگی به‌ده‌ستهێنا ده‌بێته‌ هەشتەمین سه‌رۆككۆماری ئێران

ئیبراهیم رەئیسی، بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران سەركەوتنی بەدەست هێنا و بووەتە هەشتەمین سەركۆماری ئێران.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ دواى کەمتر لە (24) کاتژمێر بەسەر بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئێران ئەنجامەکان راگەیەنران و تێیدا (ئیبراهیم رەئیسی)، کاندیدى نەرتیخوازەکان براوەی هەڵبژاردن بوو و دەبێتە سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران.

بەپێى ئامارەکان رێژەى بەشدارى (48%)ى تێپەڕاندووە و لە کۆى (59) ملیۆن و (310) هەزار و (307) کەس، (28) ملیۆن و (933) هەزار و چوار کەس دەنگیانداوە، کە تێیدا ئیبراهیم رەئیسى (17) ملیۆن و (926) هەزار دەنگى بەدەستهێناوە.

ده‌نگده‌رانی ئێران به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری نوێ دوێنێ چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. زیاتر له‌ نیوه‌ی 59 ملیۆن ده‌نگده‌ره‌ی ئێران به‌هۆی كێشه‌ ئابوورییه‌كان و له‌سه‌ر داوای بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی ناوی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ربژێران به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان نه‌كرد و به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانیش ره‌ئیسی توانیوویه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بباته‌وه‌.

ئیبراهیم ره‌ئیسی، به‌ ناسنامه‌ی بناژۆخواز ده‌ناسرێته‌وه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ دوای ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی ببێته‌ رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

ئیبراهیم ره‌ئیسی لە ساڵانی 2004 تاكو 2014 جێگری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بووە و لە ماوەی ساڵانی نێوان 2014 تاكو 2016 داواكاری گشتی ئێران بووە و لە ساڵی 2019 وەك سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەستبەكاربووە.