زاوایەکی سەدام دوای 18 ساڵ لە زیندان ئازاد کرا

ھاوسەری حەلا کچە بچووکی سەدام بوو

وەزارەتی دادی عێراق ئازادکردنی جەمال مستەفا زاوای سەدام حوسێن-ی راگەیاند.

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، جەمال مستەفا کە زاوای سەدامی حوسێن-ی سەرۆکی رژێمی هەڵوەشاوەی بەعس لە عێراق بووە، دوای 18 ساڵ لە زیندان ئازادکراوە.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دادی عێراق، دادگای تاوانەکانی ناوەندی، بڕیاریداوە بە ھەڵوشاندنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی جەمال مستەفا کراوە و ھەروەھا ئازادکردنی ناوبراو، ئەگەر لەسەر دۆسیەی دیکە داواکراو نەبێت.

ئاماژە بەوەشدراوە کە بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی جەمال مستەفا کرابوون، ھەڵوەشێندراوەنەتەوە و ئازادکراوە.

جەمال مستەفا تەمەن 66 ساڵ لەسەردەمی رژێمی پێشووتری عێراقدا، ئەفسەر بوو لە سوپا بە پلەی موقەدەم و ھاوسەری حەلا کچە بچووکی سەدام حوسێن بوو.

جەمال مستەفا لە ساڵی 2003دا لەگەڵ 51 کەسی دیکە بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژبە مرۆڤایەتییەوە لەلایەن ئەمریکاوە خرابوونە نێو لیستی داواکراوانەوە.

لە 20ی نیسانی 2003دا و دوای 11 رۆژ لە رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن، جەمال مستەفا لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرابوو.