سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پیرۆزبایى له‌ سه‌رۆكى تازه‌ى ئێران ده‌كات

نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى له‌ به‌ڕێز ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆكى تازه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/6/19 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى له‌ به‌ڕێز ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆكى تازه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى دوێنێدا، به‌ سه‌ركۆمارى تازه‌ى ئێران هه‌ڵبژێردرا.

له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاراسته‌ى سه‌رۆك ڕه‌ئیسى كردووه‌، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سه‌ركه‌وتن له‌ پۆست و ئه‌ركى تازه‌یدا، هیواى خواستووه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكاتیى به‌ڕێزیاندا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێیه‌تیى باش و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش زیاتر په‌ره‌یان پێبدرێت و بواره‌كانى هاریكاریى هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ تاران له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌ردوولا و ناوچه‌كه‌دا، فراوانتر بكرێن.