رووسیا باڵیۆزی خۆی ره‌وانه‌ی واشنتۆن كرده‌وه‌

دوای لووتكه‌ی نێوان سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن ، رووسیا باڵیۆزی خۆی له‌ واشنتۆن، ئه‌ناتۆلی ئانتۆنۆڤ بۆ واشنتۆن ره‌وانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی راوێژكردن بانگهێشتی كردبووه‌وه‌ بۆ رووسیا.

ئاژانسی هه‌واڵی Rus Ria بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌ناتۆلی ئانتۆنۆڤ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی شه‌ره‌مه‌تیه‌ڤۆ له‌ مۆسكۆ به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێ كه‌وتووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن 17ی ئادار بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ڤلادیمیر پوتین "بكوژ"ه‌ و به‌ پاساوی ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا پێی گوتبوو "باجی ئه‌مه‌ ده‌ده‌یت"، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی رووسیا و ئه‌مریكا، بانگهێشتی باڵیۆزی خۆی كرده‌وه‌ له‌ واشنتۆن.

كریملین-یش داوای له‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ مۆسكۆ، جۆن سوڵیڤان كردبوو بچێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی، ناوبراویش له‌ 22ی نیسان به‌مه‌به‌ستی راوێژكردن گه‌ڕایه‌وه‌ واشنتۆن.

پوتین و بایدن له‌ لووتكه‌ی جنێف كه‌ له‌ 16ی حوزه‌یران به‌سترا، بڕیایان دا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵیۆزه‌كانیان بۆسه‌ر كاره‌كانیان.