نرخی نه‌وت 100 دۆلار تێده‌په‌ڕێنێ؟

نرخی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاستی به‌ر له‌ كۆرۆناو له‌ ئێستاشدا ئۆپێك پله‌س زیادبوونی رێژه‌یی تاوتویێ ده‌كات.

چه‌ند رۆژێكه‌ نرخی نه‌وتی خاوی برێنت به‌رزبۆته‌وه‌و ئه‌مڕۆش یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت له‌كاتژمێر 9:00ی به‌یانی  به‌ 75 دۆلار و 39 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

هاوكات نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی تێكساس به‌ 73 دۆلار و 31 سه‌نت فرۆشرا. به‌مه‌ش نرخی نه‌وت له‌وانه‌یه‌ به‌رزبێته‌وه‌ بۆ ئاستێك كه‌ دووساڵه‌ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌یبینیوه‌، یان ده‌توانین بڵێن گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاستی به‌ر له‌ هاتنی كۆرۆنا.

له‌باره‌ی داهاتووی نه‌وت  سه‌عد ره‌حیم ، گه‌وره‌ ئابووریناسی گرووپی ترافیگۆرا له‌میانه‌ی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ بلومبێرگ ، پێشبینی كردووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 12 تا 18 مانگی داهاتوودا نرخی نه‌وت 100 دۆلار تێبپه‌ریَِنێ،چونكه‌ بازار تینووی نه‌وته‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ساتورۆ یوشیدا توێژه‌ری كاڵای سه‌ره‌تایی له‌ راكوتین سیكیوریتیز گوتی: له‌گه‌ڵ باشبوونی دۆخی ته‌ندروستی،ووره‌ی بازار به‌ به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها بانكی ئۆف ئه‌مریكا گلۆبال ریسیرس پێشبینی كردووه‌ كه‌ له‌م ساڵ و ساڵی داهاتوو نرخی بگاته‌ 100 دۆلار.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار