به‌منزیكانه‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزارى لە بنەسڵاوە كۆتایی دێت

به‌بڕى ملیارێك و سی و یه‌ك ملیۆن دینار، به‌منزیكانه‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزارى له‌گه‌ڕه‌كى (گوڵان) لە بنەسڵاوە كۆتایدێت.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/7/10، به‌مه‌به‌ستى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، به‌یاوه‌ری ئه‌ندازیار عه‌لى ڕه‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاى هه‌ولێر و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگری پارێزگار و جوان فه‌تحوڵا، قائیمقامی ده‌شتى هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان، پرۆژەی دروستکردنی دووساید و ئاوەڕۆی لوولەی کۆنکرێتی و چەند شەقامێکى ناوخۆیی گەڕەکی گوڵانى لە بنەسڵاوە به‌سه‌ركرده‌وه‌.

پرۆژەی دروستکردنی دووساید و ئاوەڕۆی لوولەی کۆنکرێتی و چەند شەقامێکى ناوخۆیی گەڕەکی گوڵان لە بنەسڵاوە، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانى پارێزگاى هه‌ولێر له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانە و به‌ گوژمه‌ی (1,031,000,000) ملیارێك و سی و یه‌ك ملیۆن دینار، له‌لایه‌ن كۆمپانیای قبول جێبه‌جێده‌كرێت و كاره‌كانى ته‌ختكردن و فه‌رشكردنی تێكه‌ڵه‌ و دانانى كیربستون و فه‌رشكردنى چگڵى شكاو كراوه‌ و ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ قیرتاوكردن و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا ده‌ست ده‌كرێت به‌ قیرتاوكردنی و له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌دا پڕۆژه‌كه‌ به‌كۆتا دێت.