كتێبی (كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چاكسازی و خزمه‌تگوزاری) بڵاوكرایه‌وه‌

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕ بوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كتێبی (كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چاكسازی و خزمه‌تگوزاری) له‌ ئاماده‌كردنی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ رووماڵی كاروچالاكی و پڕۆژه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و خه‌رجی و داهات و چاكسازی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و له‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ (10ی7ی2019) تا (1ی 5ی2021).

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ چاكسازی كردووه‌ و تێیدا هاتووه‌: "كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ كارنامه‌ چاكسازییه‌كه‌ی، هه‌وڵی داوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شایسته‌ خزمه‌تی گشت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكات و به‌ جددی رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌: "ئه‌گه‌رچی كابینه‌ی نۆیه‌م هاته‌ سه‌ر قه‌رز و پابه‌ندییه‌كی دارایی گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام كاركردن به‌ شه‌فافی و دواتریش پێداگیری و خواست و ویستی به‌هێزی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، حكومه‌ت توانی هه‌نگاوی جددی بنێت له‌ رووی رێكخستنه‌وه‌ و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، هه‌روه‌ها ناردنی پڕۆژه‌یاسای حۆراوجۆری وه‌ك پڕۆژه‌یاسای چاكسازی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ روو، كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م توانی له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان، له‌ ماوه‌ی پێنج مانگدا داهاتی ناوخۆی هه‌رێم له‌ 140 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ 244 ملیۆن دۆلار.

كتێبه‌كه‌ به‌ گشتیی له‌ حه‌وت به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌:

به‌شی یه‌كه‌م: تایبه‌ت كراوه‌ بۆ ره‌وشی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و باس له‌ خه‌رجی و داهات كراوه‌. هه‌روه‌ها خه‌رجی و داهاتی حكومه‌ت له‌ یه‌ك مانگدا خراونه‌ته‌ڕوو.

به‌شی دووه‌م: تایبه‌ت كراوه‌ بۆ خه‌رجی و داهاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی (كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) و به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ (مانگی نیسان/ ئه‌پریڵی 2021)، هه‌روه‌ها مانگی دوازده‌ی 2019 و مانگی چواری 2020یش به‌راورد كراون. دواتر باس له‌ رێكاره‌كانی حكومه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی كراوه‌.

به‌شی سێیه‌م: ته‌رخانكراوه‌ بۆ باسكردن له‌ چاكسازییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌شێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان.

له‌م به‌شه‌دا باس له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی (پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ، ته‌ندرووستی، كاره‌با، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، پلاندانان، په‌روه‌رده‌، خوێندنی باڵا، پیشه‌سازی و بازرگانی، كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، داد، ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، رۆشنبیری) و كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری ده‌رمان و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، چاكسازی له‌ سیستمی باج، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی كاروباری حكومه‌ت و ژماردنه‌وه‌ی ماڵ و موڵكی میری.

به‌شی چواره‌م: تایبه‌ت كراوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و راپۆرت و به‌دواداچوونی لیژنه‌ی باڵای چاكسازی و ده‌قی راپۆرتی یه‌كه‌می لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی.

به‌شی پێنجه‌م: ته‌رخانكراوه‌ بۆ خستنه‌ڕووی گرنگترین پڕۆژه‌كانی دوو ساڵی رابردووی كابینه‌ی نۆیه‌م.

به‌شی شه‌شه‌م: هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌م بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

به‌شی حه‌وته‌میش تایبه‌ته‌ به‌ پرسی چاكسازی له‌ گوتاره‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تدا.

ئا- كامران