به‌سه‌رپه‌رشتی مۆرینیۆ یانه‌ی رۆما له‌ مه‌شق و ئاماده‌كاریه‌كانی بۆ ركابه‌رییه‌كانی وه‌رزی داهاتووی به‌رده‌وامه


بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ ڕكابه‌ریه‌كانی وه‌رزی داهاتوو، یانه‌ی ڕۆما به‌سه‌رپه‌رشتی خۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنه‌ره‌ پۆرتوگالیه‌كه‌ی له‌ مه‌شق و ئاماده‌كاریه‌كانی به‌رده‌وامه.
 تیپه‌كه‌ی پایته‌ختی ئیتاڵیا سی و پێنج ڕۆژی له‌پێشه‌ بۆ ته‌واوكردنی ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی داهاتوو، له‌میانی كه‌مپی ڕاهێنانی تیپه‌كه‌و له‌ یاریه‌كی دۆستانه‌دا، پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو یانه‌ی ڕۆما سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناو به‌ ده‌ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ یانه‌ی ڤالدینیڤۆلی مۆنتێكاتینی میوانی برده‌وه.
 له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ی دیكه‌شدا، ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌، یانه‌ی ڕۆما ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی تێرنانای پله‌ سێ ده‌بێته‌وه‌و چوارشه‌ممه‌ی داهاتووش تیپی گورگه‌كان سێیه‌م یاری دۆستانه‌ له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی پۆرتۆی پۆرتوگالی سازده‌كات، به‌م دواییه‌ش گۆڵپارێزی پۆرتوگالی، ڕوی پاتریسیۆ له‌ یانه‌ی ولڤه‌رهامپتۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕۆما كرد.