تەندروستی عیراق: زیاتر له‌ هه‌شت هەزار کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاند: له‌ دوێنێوه‌ شه‌ست و نۆ توشبوی كۆرۆنا مردوون، هه‌روه‌ها هه‌شت هه‌زار و سێسه‌د و بیست تووشبووی دیكه‌ تۆماركراون، هاوكات له‌م ماوه‌یه‌دا 27868 ژه‌مە ڤاكسین بۆ هاووڵاتیان به‌كارهێندراون.

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/7/21 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ بیست و چوار كاتژمێری رابردوودا سه‌رووی هه‌شت هه‌زار توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون به‌مه‌ش كۆی گشتی توشبوان گه‌یشته‌ یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د و هه‌ژده‌ هه‌زار و هه‌شسه‌د و سی و حه‌وت كه‌س.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كان شه‌ست و نۆ تووشبووی دیكه‌ مردوون به‌مه‌ش كۆی ژماره‌ی مردووان گه‌یشته‌ سه‌رووی هه‌ژده‌ هه‌زار كه‌س.

ته‌ندروستی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار تووشبووی دیكه‌ی كۆرۆنا چاكبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستادا كۆی ژماره‌ی چاره‌سه‌ركراون گه‌یشته‌ یه‌ك ملیۆن و سێسه‌د و حه‌فتا و نۆ هه‌زار كه‌س واته‌ نزیكه‌ی نه‌وه‌د و یه‌ك له‌ سه‌دای تووشبووان چاكبوونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ له‌ تێكڕای عێراق یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د و سێ هه‌زار و پێنجسه‌د و چل و شه‌ش كه‌س ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنایان وه‌رگرتووه.