هاتووچۆی سۆران: تاكسییه‌ك وه‌رگه‌ڕا و شۆفێره‌كه‌ى گیانى له‌ ده‌ستدا

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر ڕێگای هامڵتۆن لەنێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کڕۆڵا، تەکسییه‌كی کوردستان وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا و سێ لە سەرنشینەکانیشی بریندار بوون. 

د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: کاتژمێر 8ی بەیانی تەرمێک گەیەندرایە بەشی فریاکەوتن لەگەڵ سێ زامدار، کە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ ببوون، شۆفێرەکە گیانی لەدەستدابوو بەناوی (ڕزگار یاسین ڕەشید) تەمەن 38 ساڵ و دانیشتووی شاری دهۆک، بریندارەکانیش چارەسەری پزیشکیان بۆ کرا، بەڵام ئافرەتێک کە خێزانی شۆفێرەکە بوو، بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی سۆران کرا، تەرمەکەش بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کرا. 

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران ڕایگەیاند: ڕووداوەکە لەجۆری وەرگەڕان بووە و هۆکارەکەی بۆ تیژڕۆیی و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە و داواش لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆبن بۆ سەلامەتی هەموو لایەک. 
 
کەریم سمکۆ