تونس.. سوپا رێگەی نەدا سەرۆکی پەرلەمان بچێتە پەرلەمانەوە


سەربازانی ناو پەرلەمانی تونس رێگەیان نەدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، راشد غەنوشی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی یاوەری بچنە پەرلەمانەوە.

دوای ئەوەی سەرۆکی تونس، قەیس سعەیید بڕیاری سڕکردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و هەڵپەساردنی پارێزبەندی ئەندامانی پەرلەمانەکەی راگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە، راشد غەنوشی گەیشیتە تەلاری پەرلەمان.

راشد غەنوشی کە بە یاوەری جێگرەکەی و ژمارەیەک پەرلەمانتار گەیشتە تەلاری پەرلەمان، داوای لە سەربازانی بەردەم بیناکە کرد رێگەیان بدەن بچنە ژوورەوە، بەڵام سەربازان پێیان راگەیاند کە بەهۆی ئەو رێنماییانەی لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە وەریانگرتووە، ناتوانن رێگەی چوونە ژوورەوەیان بدەن.

دوای گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ سەربازاندا، راشد غەنوشی ئیدانەی رێگەنەدانی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانی کرد و داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد بەرپرسیارێتییەکانیان بەجێبگەیەنن و دەسەڵاتەکانیان بە کاربهێنن.

راشد غەنوشی ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی تونس ئازادی لێ وەرگیراوەتەوە و رایگەیاند گەلی تونس گەڕانەوە بۆ سەردەمی ستەم قبوڵ ناکات. هەتا ئازادیی لەژێر هەڕەشەدابێت ژیان بەهایەکی نابێت.

راشد غەنوشی هەروەها داوای راوەستانی کرد لەبەردەم بینای پەرلەماندا کە لەلایەن سەربازانەوە داخراوە و داواشی لە سوپا کرد دژبە بڕیارەکانی سەرکۆمار قەیس سعەیید بوەستێتەوە.