سەرۆك بارزانی: هەورامان ناوچەیەكی گرنگی كوردستانە هەمیشە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە

سەرۆك بارزانی سەبارەت بڕیارێكی یونسکۆ کە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستانی خستووتە نێو (لیستی شوێنەوارە گرنگەکانی مرۆڤایەتی)  پەیامێکی بڵاوکردەوە ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بڕیاری ئەم دواییەی ڕێكخراوی جیهانیی پەروەردەیی و زانستی و فەرهەنگیی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونسكۆ) زۆر خۆشحاڵم كە تێیدا ئەو بەشەی ناوچەی هەورامان كە كەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خراوەتە نێو لیستی شوێنەواری گرنگی مرۆڤایەتی.

هەورامان ناوچەیەكی گرنگی كوردستانە كە هەمیشە ڕۆڵی بەرچاوی لە فەرهەنگ و ئەدەب و مێژوو و شۆڕش و سیاسەت و بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستاندا هەبووە.

بێگومان ئەو بڕیارەی یونسكۆش دەستكەوتێكی ترە بۆ خەڵكی كوردستان و ناوچەی هەورامان. بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و خەڵكی خۆشەویستی ناوچەی هەورامان دەكەم و هیوای ئارامی و پێشكەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی

28ـی تەمووزی 2021