فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی سنووری بناری قەندیل و برادۆستیان بۆردوومان کرد

درەنگانی شەوی ڕابردوو، بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی پەکەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری کۆمەڵێک گوندی لە بناری قەندیل و دەڤەری برادۆست بۆردومان کرد. موسڵیح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی دوێنێ فڕۆکەکانی تورکیا سنووری گوندەکانی ئێندزە و بۆکریسکان و بەرزاییەکانی ئەم ناوچانەیان بۆردمان کرد، کاتژمێر یازده‌ی شەوی ڕابردووش چیای دڕەبی و زارگەلی و گەلی بەدران بە چڕی بۆردوومان کردووە، لەگەڵ سنووری کۆمەڵێک گوندی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر لە سنووری قەزای پشدەر، بەم هۆیەشەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ئەم سنوورە کەوتۆتەوە. 

هاوکات بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکە جەنگییەکان زیاتر لە ده‌ ناوچەیان لە بناری قەندیل بۆردومانکردووە لەچەند ناوچەیەک ئاگرکەوتۆتەوە و بۆردوومانەکە دۆڵی باڵەییانی سەر بە ناحیەی قەسرێ لە سنووری قەزای چۆمانیشی گرتۆتەوە و ناوچەو بەرزاییەکانی گوندەکانی (ماونان، خەزێنە، زەنگەڵین)ی کردۆتە ئامانج و بناری چیای کۆدۆ لە سنووری حاجی ئۆمەرانیشی گرتۆتەوە. 

هاوکات هەر لە شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەهۆی هەبوونی بارەگاکانی پەکەکە، بە چڕی دەڤەری برادۆستی کردۆتە ئامانج. 

تا ئێستا لە ئاکامی ئەم بۆردوومانانەی شەوی ڕابردوو هیچ زیانێکی گیانی بە خەڵکی سڤیلی ئەم ناوچانە نەگەیشتووە، بەڵام زیانی گەورەی لە ژینگە و پاوانی گوندەکانی ئەم ناوچانە داوە و بەهۆی بایەکی بەهێز ئاگر لەم ناوچانە کەوتۆتەوە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ گوندنشین و مەڕدار و جوتیارانی ئەم ناوچانە دروستکردووە، هاوکات بەهۆی سەختی چیاکانی بناری قەندیل و دەوروبەری، چەندین تونێل و بارەگای چەکداری پەکەکە کراونەتە ئامانج و زیانەکانیان نەزاندراون.