ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێره‌وه‌

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان به‌هۆى بڵاو بوونه‌وه‌ى زنجیره‌ى نوێى ڤایرۆسى كۆرۆنا مەترسیدارە و مەترسییه‌كانى هەڵکشان و تەشەنەسەندنى كۆرۆناى نوێش ڕۆژ دواى ڕۆژ له‌ زیاد بوون دایه‌ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تى شاره‌كه‌مان، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌واوى هاوڵاتییان و دانیشتوانى سنووری پارێزگاى هه‌ولێر ئاگادارده‌كاته‌وه‌.

یه‌كه‌م/ هه‌روه‌ك له‌ ڕاگه‌یندراوى ڕۆژى 2021.7.27، ڕامانگه‌یاندووه‌، پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بەهۆی زۆرى ژماره‌ى مردووان به‌هۆى ئه‌م ڤایرۆسه‌وە، به‌شێك له‌هاوڵاتییان پابه‌ندنین و ئاگادارین سه‌رپێچی له‌م بڕیاره‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ جارێكى تر هۆشدارى ده‌ده‌ین به‌ هاوڵاتییانى شاره‌كه‌مان كه‌ پابه‌ندى ئه‌و بڕیاره‌بن و ڕه‌چاوى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك پرسه‌ لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) دابنێت، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پۆلیس ده‌ست به‌جێ پرسه‌كه‌ى داده‌خرێت و به‌پێبژاردن سزا ده‌درێت.

دووه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و ژماره‌ى تووشبوانى زنجیره‌ى نوێى ڤایرۆسی کۆرۆناش له‌ زیاد بوون دایە، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كان ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كه‌س و كار و خانه‌واده‌ و خزمانى تووشبوان سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن و له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كانى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى تووشبوانى كۆرۆنا ده‌مێنه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى زۆر دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هۆكارێكى دیكه‌ی زیادبوونى ژماره‌ى تووشبوان و بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى كۆرۆنایه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌، سه‌ردانى تووشبوانى كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و مانه‌وه‌ و دروستكردنى قه‌ره‌باڵغى له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ركه‌س و لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت ڕێكارى یاسایى له‌به‌رمبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.

سێیه‌م/ سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ) ڕاسپاردراون ئاماده‌كاریی بۆ جێبەجێکردنی ئه‌م بڕیارانه‌ بكه‌ن، ئه‌و بڕیارانه‌ش سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه‌.

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر

2021.7.30