فازڵ نه‌بی: بۆ مانگه‌كانی داهاتووش به‌غدا مانگانە 200 ملیار بۆ ھەرێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كات

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، رایده‌گه‌ێنێت:   مسته‌فا كازمی ،  سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق جێبەجێ دەكرێت و لەگەڵ ھەرێم دەگەنە رێككەوتن، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن و مانگی شەشیان رەوانە كردووە و بڕیاری داوە كە مانگی حەوتیش رەوانە بكرێت.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی راشیده‌گه‌ێنێت، حكوومەتی عێراق بەپێی بڕیاری سەرۆكوەزیران لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە تا كۆتایی ساڵ مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات، چونكە بودجە بۆ ئەمساڵە.
فازڵ نەبی ده‌شڵێت، بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەو شێوەیەیە كە ئەمساڵ ھەموو مانگانێك 200 ملیار دینار رەوانە بكەن، بۆیە پێویستە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا پارەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش ڕەوانە بكرێت.
 هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت، بەم ھەنگاوە دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باش دەبێت و حكوومەت دەتوانێ مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات.