سعودییه‌.. هه‌ر كه‌سێك ڤاكسینی كۆرۆنای وه‌رنه‌گرتبێت ڕێگه‌ی پێ نادرێت بچێته‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان

سعوودییه‌ له‌ یه‌كی ئه‌م مانگه‌وه‌ بڕیارێكی جێبه‌جێ كردو به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ هه‌ر كه‌سێك ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنای نه‌كوتابێت ڕێگه‌ی پێ نادرێت بچێته‌ ناو شوێنه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌.

له‌و ڕووه‌وه‌ له‌ چه‌ند دیمه‌نێكی ڤیدیۆییدا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ به‌رده‌م مۆڵێكدا له‌ ریازی پایته‌خت به‌ نۆره‌ ڕاوه‌ستاون و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ڵگه‌ی خۆی پیشانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان  ده‌دات كه‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنای كوتاوه‌ ئه‌وانیش ڕێگه‌یان ده‌ده‌ن بچنه‌ ناو مۆڵه‌كه‌وه‌.

له‌و باره‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودییه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ سعوودی و بیانییه‌كانی نیشته‌جیی سعوودییه‌ ده‌توانن بچنه‌ ناو شوێنه‌ كولتووری و ئابووری و وه‌رزشی و شوێنه‌كانی كات به‌سه‌ربردنه‌وه‌ كه‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنایان كوتاوه‌.

هاووڵاتییانیش لای خۆیانه‌وه‌ پشتیوانی له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ن و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موولایه‌كدا ئه‌و بریاره‌ دراوه‌، به‌ڵام له‌ وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو كه‌سانێك هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌دا نین، ئه‌م بڕیاره‌یش له‌كاتێكدا دێت كه‌ له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ له‌ سعوودییه‌ پێنجسه‌دو بیست و حه‌وت هه‌زار كه‌س‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوون و هه‌شت هه‌زارو دووسه‌دو په‌نجا كه‌سیش مردوون.

له‌ ڕووی ڤاكسینیشه‌وه‌ تا یه‌كی ئاب دوو ملیۆن و چوارسه‌دو سی و شه‌ش هه‌زار كه‌س له‌ سعوودییه‌ ڤاكسینیان كوتاوه‌.