بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی دھۆک: لەسەر بوودجەی پەرەپێدان 29 پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن


لەسەر بوودجەی پەرەپێدان ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێن و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆکیش بەوەکالەت  رایده‌گه‌ێنێت، دوازدە پڕۆژە ئێستا خراونەتە بواری جێبەجێکردن و ئەوانی دیکەش لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.
ئەندازیار خالید سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک،  رایده‌گه‌ێنێت: لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دھۆک 29 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 11 ملیار و 370 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکان بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر ھەر حەوت قەزای سنووری پارێزگای دھۆکدا دابەش کراون و، ئێستا بەھۆی باشبوونی ڕەوشی دارایییەوە، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتیی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک بەوەکالەت ده‌شڵێت: لەو 29 پڕۆژەی بوودجەی پەرەپێدان 12 پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و ئەوانی دیکەش لە ئایندەیەکی نزیکدا دوای پەسندکردنیان لەلایەن پارێزگای دھۆکەوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەندازیار خالید سلێمان  راشیده‌گه‌ێنێت: ساڵی ڕابردووش لەسەر بوودجەی تایبەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 28 پڕۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی خراونەتە بواری جێبەجێکردن و شەش پڕۆژەی ئامێدی تەواو بوون و کارکردن لەوانی دیکەشدا بەردەوامە.