ڕاگه‌یەندراوێك له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێرەوە


 ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر ڕێكاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوە لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگرێتەبەر و رایدەگەیەنێت،ڕێگەنادریت هیچ هاوڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كانى به‌بێ به‌ستنى (ماسك) بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگایه‌كى حكومى.

راشیده‌گه‌یه‌نن: ته‌واوی هێزه‌كانی ناوخۆ و تیمه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌كان و شاره‌وانییه‌كان راسپێردراون، چاودێری و به‌دواداچوونی ورد بۆ شوێنه‌ گشتییه‌كان بكه‌نتا هاووڵاتییان پابه‌ندی به‌ستنی ماسك بن.
 
ئەمرۆ چوارشەممە 4-8-2021 ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و  رایده‌گه‌ێنێت: دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە و بۆته‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر گیانى هاوڵاتییان، بۆیه‌ داوا له‌ هاوڵاتییانی شارەکەمان ده‌كه‌ین لەپێناو پاراستنی خۆیان و تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، پابەندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانبن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك).

دەقی ڕاگەیەندراوی ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر:
 
لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستیى گشتیى شاره‌كه‌مان و به‌رگرتن له‌و دۆخە نه‌خوازاره‌وه‌ى كه‌ به‌هۆى بڵاو بوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندى خێراى زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مه‌ترسیه‌كانى بۆ سه‌رگیانى هاوڵاتییان لەهەڵکشان دایە، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه:-
 
یه‌كه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە و بۆته‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر گیانى هاوڵاتییان، بۆیه‌ داوا له‌ هاوڵاتییانی شارەکەمان ده‌كه‌ین لەپێناو پاراستنی خۆیان و تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، پابەندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانبن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك).
 
دووه‌م/ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌واوى هێزه‌كانى ناوخۆ و تیمه‌كانى قائیمقامیه‌ته‌كان و شاره‌وانییه‌كانى ڕاسپاردووه‌، چاودێرى و به‌دوا داچوونى وورد بۆ سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتییه‌كان، مزگه‌وت، كلێسا، شوێنه‌ ئاینییه‌ پیرۆزه‌كان، بازرگانی، مۆڵ، چێشتخانه‌، كافتریاكان، سه‌نته‌رى بازاڕ، بازاڕه‌ میللیه‌كان، ماركێت، مینى ماركێت، سەمونخانە و نانەواخانەکان، سه‌رتاشخانه‌، هۆڵه‌ وه‌رزشیه‌كان، نۆرینگه‌ و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ پزیشكییه‌كان، سارده‌مه‌نى، چایه‌خانه‌، رێستۆرانتى باخچه‌كان و شوێنه‌كانى هاوشێوه‌یان، شوفێرانى تاكسى، بارهه‌ڵگر، ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت.. بكه‌ن، هه‌ركه‌سێك (ماسك)ى نه‌به‌ستابێت، ڕێككارى یاسایی له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌به‌ر.
 
سێیه‌م/ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك) و دروستنه‌كردنى گردبوونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى، هه‌روه‌ها ڕێگه‌نه‌ده‌ن هیچ هاوڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كانى به‌بێ به‌ستنى (ماسك) بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگایه‌كى حكومى، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رپێچى له‌و بڕیاره‌ بكات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووى ڕێكارى یاسایى ده‌بنه‌وه.‌
 
چواره‌م/ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەمه‌ترسیه‌كان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى خێراى زنجیره‌ى نوێى ڤایرۆسی کۆرۆنا خستۆتەگەڕ و لەڕێگەی لێژنەکانی چاودێری و هێزه‌كانى ناوخۆ و تیمه‌كانى قائیمقامیه‌ته‌كان و شاره‌وانییه‌كان لەسنووری سه‌رجه‌م قائیمقامیەتەکانى لە بەدوا داچوون و پشکنین و چادودێریکردنی شوێنە گشتییه‌كان بەردەوام ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و کاسبکاران ئاگادار دەکەینەوە، لە ئەگەری پابەند نەبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی به‌تایبه‌تى نه‌به‌ستانى (ماسك) ناچارین رێکاری توند بگرینەبەر، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەم دۆخە ناهەموار و مەترسیدارەدا بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن و (ماسك) ببەستن، تاوەکو دووچاری سزادان و ڕێکاری یاسایی نەبنەوە.
 
ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر
2021.8.4