وێستگه‌ی دابین كردنی كاره‌با له‌ مۆغلا گڕی گرت

وێستگه‌ی دابین كردنی كاره‌با له‌ مۆغلا ئاگری گرت ده‌نگی چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ بیستراوه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ هۆی ئه‌و ئاگره‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ دارستانه‌كانی پارێزگای مۆغلای توركیا كه‌وتووته‌وه‌ و هێشتا كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌، وێستگه‌ی دابین كردنی كاره‌بای ناوچه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی میلاسی سه‌ر به‌ مۆغلا ئاگری گرت.

به‌ هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ له‌ وێستگه‌كه‌دا روویاندا و كاره‌بای ناوچه‌كه‌ پچڕاوه‌.

سه‌رچاوه‌ هه‌رێمییه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێزه‌كان به‌ هۆی هه‌بوونی ره‌شه‌بایه‌وه‌ ناتوانن وه‌كو پێویست كار بۆ كۆنترۆڵ كردنی ئاگره‌كه‌ بكه‌ن.

جێگای ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ 8 رۆژه‌ ئاگرێكی زۆر گه‌وره‌ شاره‌ گه‌شتیارییه‌كانی رۆژئاوای توركیای گرتووته‌وه‌ و تا ئێستایش 8 كه‌س به‌ هۆی ئه‌و ئاگره‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و زه‌ره‌ر و زیانێكی ماددی زۆر گه‌وره‌ش به‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران